|
زۆرێك لە خەڵكی خاوەن سەروەتو سامانن، بەڵام كاتێك پرسیاریان لێ دەكەیت، دەڵێن: هەرگیز هەست بە چێژی بەختەوەری ناكەین، بۆچی؟.... |
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی ئەمریكی جەخت دەكاتەوە كە كەمێك لە بەختەوەری بە شێوەیەكی پۆزەتیف لە سەر سەلامەتیو شێوازو جێگیربوونو كاركردنی دڵ ڕەنگدەداتەوە، ئەم لێكۆڵینەوەیە لە سەر هەزاروحەوت سەد پیاو و ئافرەت ئەنجامدرا، زانایان زۆر بە ڕوونی بۆیان دەركەوت ئەو كەسانەی خاوەنی بیرۆكەی باشو پۆزەتیفن، هەمیشە چێژ لە گەشبینی وەردەگرن، بە شێوەیەكی هێمنو ئارام ژیان دەگوزەرێنن، زۆر كەمتر دووچاری نەخۆشییەكانی دڵ دەبنەوە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو كەسانەی ڕەشبیننو هەڵگری بیرۆكەی نێگەتیفن...
توێژەرەكان دەڵێن: مرۆڤ دەتوانێت خۆی بپارێزێت، لە مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ، تەنها بە تێڕوانینی بۆ ژیان بە شێوەیەكی پۆزەتیف، هەروەها دەتوانێت بەختەوەریو كامەرانی بە خۆی ببەخشێت لە ڕێگەی گۆڕینی ئەو بیرۆكە ڕەشبینو نێگەتیفانەی هەڵی گرتووە، بە گۆڕینیان بۆ بیرۆكەی گەشبینو پۆزەتیف.
دڵ لە گرنگترین ئەندامەكانی جەستەیە، زۆربەی هۆكارە دەروونییەكان كاری لێدەكەن، ئەم هۆكارانەش شوێنەواری وێرانكەر لەسەر دڵ جێ دەهێڵن، لەبەرئەوە زاناكان جەختدەكەنەوە، كە ئاسانترین ڕێگە بۆ پاراستنی سەلامەتی دڵ، دووركەوتنەوەیە لە توڕەییو گرژبوونی دەروونی...
لەسەر بنەمای ئەو لێكۆڵینەوەیە، ئێمە ئامۆژگاری خوێنەری ئازیز دەكەین، كە پێویستە هەرچی زووترە بیرۆكە ڕەشبینو نێگەتیفەكانت بگۆڕیت، ئەم ڕێگەیەش زۆر ئاسانە، دەتوانیت لە ڕێگەی ئەم چەند هەنگاوە پراكتیزەییانەوە كرداری گۆڕانكارییەكان ئەنجام بدەیت، ئەمەش بە تاقیكردنەوە سەلمێنراوە:
1- پێویستە بزانیت خوای گەورە قەدەری هەموو شتێكی لەسەر تۆ داناوە، دڵنیابە هەرگیز ئەو قەدەرە ناگۆڕێت... كەواتە خەموپەژارەی زۆر هەڵمەگرە، لە ئایندەت مەترسە، چونكە ئایندەی تۆو هەموو مرۆڤەكان بە دەست خوای گەورەیە، خوای گەورە جگە لە چاكە شتێكی تری بۆ تۆ ناوێت، ئاگاداربە خۆت فڕێ نەدەیتە نێو باوەشی شەیتانەوە، بێ ئاگا بیت لە بەدیهێنەرەكەت، ڕۆزیدەرەكەت، لەو خودایەی بە توانایە بە سەر هەموو شتێكدا...
2- ئەگەر چاوەڕانی كارێك دەكەیت، دڵنیابە خوای گەورە ئەو كارەت بۆ ئاسان دەكات ئەگەر بۆ تۆ باش بێت، هەروەها دووری دەخاتەوە لێتو بە باشتر بۆت دەگۆڕێت ئەگەر زیانی تۆی تێدا بێت، بە مەرجێك پشت بە خوای باڵادەست ببەستیت، خۆت بدەیتە دەست فەرمانەكانی خودای گەورە، لە هەموو كاروبارەكانی ژیانتدا داوای خێروچاکه له پەروەردگارت بكەیت...
3- پێویستە باوەڕت وابێت كە هیچ سوودو زیانێك لە گۆڕێدا نییە، مەگەر خودای گەورە بیەوێت، لەم كاتەدا خەمەكانت فڕێ بدەیتە دوای خۆتەوە، هەرگیز لەوەی ڕوویداوە پەشیمان نابیتەوە، هیچ كات ناترسیت لەوەش كە ڕوودەدات، تەنها بە هۆكارێكی ئاسانو سادە ئەویش بریتییە لەوەی هەر شتێك لەم ژیانەدا بۆ تۆ سوودمەند بێت، بێگومان خوای گەورە پێت دەبەخشێت.
4- پێویستە بڕوات وابێت لە زووترین كاتدا گرفتەكانت كۆتاییان دێت، بەڵام بە مەرجێك خۆت تەسلیمی فەرمانەكانی خودا بكەیتو پشتی پێ ببەستیت، دڵنیابە خوای گەورە بە توانایە لەسەر چارەسەركردنی تەواوی كێشەو گرفتەكانت!!
5- بۆچی بەردەوام هەست بە بوونی خوای گەورە ناكەیت؟ خوای گەورە لە خۆت زیاتر لێتەوە نزیكە، لە هەر شوێنێك بیت پشتیوانت لێ دەكات، خوای گەورە هەمیشە دەتبینێت، گوێبیستی هەموو گوتارەكانتە، ئاگاداری هەموو گرفتەكانی ژیانتە، بە تواناو بە دەسەڵاتە لە سەر گۆڕینی ژیانت بە تەواوی، بەڵام لە كاتی گونجاودا، لەبەرئەوەی تۆ نازانیت ئایندەت چییە، نازانیت خێروچاكە لە كوێ دەست دەكەوێت، هەر لەبەرئەوەیە پێویستە تەسلیمی بەرنامەی ئەو خودایە ببیت كە ئاگادارە بەسەر هەموو پەنهانو ئاشكراو نادیارەكان.
6- ئاگادرابە، بە تیڕوانینێكی خراپ مەڕوانە بۆ خۆت، بەڵكو بڕوانە بۆ هەڵسوكەوتە خراپەكانت، كە خوای گەورە لێیان ڕازی نییە، پێویستە هەڵسوكەوتەكانت بگۆڕیت بە هەڵسوكەوتێك كە خودا لێیان ڕازییە، هەرگیز لە گۆڕان نائومێد مەبە، بەڵكو بەردەوام هەوڵەكانت دووبارە بكەرەوە، ئەگەر سەدجاریش بێت، گرنگ ئەوەیە نائومێد نەبیت، چونكە نائومێدی جگە لە بێهیواییو شكستو ئاڵۆزبوونو زیادكردنی گرفتو كێشەكانت، شتێكی دیكەت پێ نابەخشێت.
7- هەرچەندە گرفتەكانت ئاڵۆزو گەورەبن، وەها بۆیان بڕوانە كە ئەو گرفتانە سادەو ساكارن، دەگونجێت چارەسەر بكرێن، ئیدی چوون یەكە ئەو گرفتانە مادی بن، یاخود سۆزداری، یان كۆمەڵایەتی، یان لە نێو كاردا بۆت هاتۆتە پێش، یا لە خوێندنەكەتدا... بیربكەرەوە خوای گەورە ئەم گەردوونەو تەواوی بوونەوەری دروستكردووە، هەرگیز بۆ چارەسەركردنی گرفتی بەندەیەك لە بەندەكانی دەستەوسان نابێت.
8- هەوڵبدە لە هەموو كاروبارەكانی ژیانتدا پشت بە خوای گەورە ببەستیت، ئەگەر بۆ تەنها جارێكیش بێت لە ژیانتدا ئەم ڕێگەیە تاقیبكەرەوەو چاوەڕوانی ئامانجەكەی بكە، گومانی تێدا نییە خوای گەورە یارمەتیت دەدات، هەرگیز جێت ناهێڵێت، مادەم بە ڕاستگۆیانە پشتت بە خوای گەورە بەستووەو بە دڵسۆزی ڕووت تێكردووە، تاكە ڕێگاش بۆ ئەم مەبەستە بریتییە لە نزاو پاڕانهوه.
9- هەرچەندە تاوانەكانت گەورەبێت، سەرپێچییەكانت ئابڕوبەرو شەرمەزاراویو هیوا بڕاو بێت، بزانە خوای گەورە لە توانایدایە لە چاوتروكانێکدا لێت خۆشبێت، تەنها بە گەڕانەوەو دەربڕینی پەشیمانی بۆ لای خوای گەورەو تەوبەیەكی ڕاستەقینە لە دڵەوە، بەڵكو زیاتر لەوەش، خوای گەورە بە توانایە لە سەر گۆڕینی خراپەكانت بە چاكە!!
بۆ پراكتیزەكردنی هەموو ئەم ئەم هەنگاوانەی سەرەوە، پێویستە لە قورئانی پیرۆز بە وردی ڕابمێنیو هەموو ڕۆژێك ماوەیەكی تەرخان بكەیت بۆ گوێگرتن لە ئایەتەكانی، هەروەها زۆر باشە ئەگەر دەست بە پرۆژەی لە بەركردنی قورئانی پیرۆز بكەیت، ئەمەش ئاسانترینو كورتترین ڕێگەیە بۆ گۆڕینی ژیانت.
ئەگەر دەتەوێت بە شێوەیەك لە ژیاندا بژیت پڕ بێت لە بەختەوەری، پێویستە باوەڕی تەواوت بە خوای تاكو تەنهاو بە دەسەڵات هەبێت، هەر كەس كە باوەڕدارەو متمانەی بە خودای خۆی هەیەو كردەوەی چاكە دەكات، ئەوا خوای گەورە پەیمانی ژیانێكی ئارامو ئاسوودەو پاكوبێگەردی پێ دەدات، هەروەكو دەفەرمووێت:
(مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ) [النحل: 97].
واته: ئهوهی کاروکردهوهی چاکهی کردبێت، پیاو بێت، یان ئافرهت، له کاتێکدا بڕوادار بێت، سوێند به خوا به ژیانێکی کامهران و ئاسووده له دنیادا دهیژێنین، له قیامهتیشدا پاداشتیان به جوانتر دهدهینهوه، لهوهی که ئهوان جاران دهیان کرد. (له پهرستن و کارو کردهوه جوانهکان).
---------------------
بە پێنوسی: عبد الدائم الكحيل
سهرچاوه: رويترز